بریکاری وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی پارێزگای سلێمانی دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ٢٠٢١/٤/٦ زێندین مەولوود، بریکاری وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە یاوەری د.دیار جەباری، بەڕێوەبەری گشتی کارگێری و دارایی بە وەکالەت و عەباس زێباری، بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرە بە وەکالەت و شێخ ئیبراھیم بەرزنجی، بەڕێوەبەری ئیرشادی ئایینی سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی پارێزگای سلێمانی و یەکێتی زانایانی ئایینی كوردستان لقی سلێمانی و کتێبخانەی ئەوقاف و لێژنەی فەتوا و بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سلێمانی یان کرد ولەلایەن فەرەیدوون غەیب، بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی سلێمانی و مامۆستا نەجم، لێپرسراوی لقی یەکێتی زانایانی ئاینی كوردستان و بەڕێوەبەری ئەوقاف و کتێبخانەی ئەوقاف پێشوازیان لێکرا.
لە دیدارێکدا زێندین مەولوود بریکاری وەزارەتی ئەوقاف مەبەستی سەردانکردنی ڕوونکردەوە و داوای لە مامۆستایانی ئایینی کرد ئامۆژگاری ھاووڵاتیان بکەن بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی تەندروستی بۆ ئەوەی دوور بن لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، هاوكات لە بەشێکی تری دیدارەکەدا لە کەموکوڕییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان کۆڵییەوە.