روونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ئايينى مەسیحیەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە ئەنجامدانی نوێژی قیامە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی ٢٠٢١/٤/٤ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ئايينى مەسیحیەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە، كە ئەمە دەقەیەتی:
ھاوڵاتیانی ئازیزی کوردستان ...
لە سۆنگەى پابەندبوونمان بە بڕیارەكانی لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوى ڤايرۆسى کۆرۆنا لە ھەرێمى كوردستان، جەخت لە پاراستنی ئاشتی پێکەوەژیانی ئایینی و تەبایی لە نێوان گشت ئايينەكانى کوردستان دەکەینەوە. بەڕێزان، سەبارەت بە نوێژی جەژنی قیامە، كە دوێنێ شەو بەرواری ٣ی نیسان بەڕێوەچوو، ئەم ڕوونكردنەوەیە دەدەین.
"ئەنجامدانی نوێژی جەژنی قیامە بەبێ بەشداریكردنى ھاوڵاتيانى كريستيان بەڕێوەچووە و بە شێوەی ئۆنلاین بووە، بۆ زانياريتان سەرجەم كەنيسەكان داخراون جگە لە كەنيسەيەك نەبێت، كە تەنھا نوێژی جەژن تێدا ئەنجام دراوە. لەم روانگەيەوە داوای لێبووردن لە موسوڵمانانى کوردستان و سەرجەم ئايينزاكان دەکەین، کە ئەگەر ئەم كارە بووبێتە ھۆی بریندارکردنی ھەستیان. لێرەوە جەخت دەکەینەوە، كە پابەندی گشت بڕیارەكانی لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دەبین و ڕێگەش نادەین هیچ کەنيسەيەك سەرپێچی بکات تا ئەو کاتەی بە فەرمی سەرجەم شوێنە ئایینەکان دەکرێنەوە. هاوكات بەدواداچوونى كارگێرى خۆشمان دەكەين لە بوونى ھەر كارێك، كە پێچەوانەی بڕيار و رێنمايەكانى لێژنەى باڵاى بەرەنگاربوونەوى ڤايرۆسى كۆرۆنا بێ" .
خوای گەورە و میھرەبان وڵاتەکەمان و کوردستانی شیرینمان و سەرجەم پێکھاتەکانی بپارێزێت
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ئايينى مەسیحیەکان