بە سەرپەرشتی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە زانکۆی ئەمەریکی، کۆنفرانسی ئازادی ئایینی و جیاکاری وتاری ڕقەبەری بەڕێوە چوو
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ١٤⁄ ١٢⁄ ٢٠٢١ لە شاری دھۆک بە ئامادەبوونی د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و زیندین مولود بریکاری وەزارەت، د.عبداللە وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و به بەشداریی و پێکھاتەکانی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتی پێکەوەژیانی ئایینی وەزارەتی ئەوقاف بە ھەماھەنگی زانکۆی ئەمەریکی و ڕێکخراوی کایسید کۆنفرانسێکی ڕێکخست.
لە وتەیەکدا د. پشتیوان سادق دەستخۆشی لە زانکۆی ئەمەریکی و ڕێکخراوی کایسید کرد بۆ ڕێکخستنی چالاکیەکە،خۆشحاڵی خۆی نیشانداو وتی: کوردستان شوێنی دێرین و ئایینی و پێکەوەژیانی ئایینەکانە، مەڵبەندی ئارامی و تەناھیە بۆ ناوچەکە بە گشتی، ئەم پێکەوەییە مێژوویەکی درەوشاوەی ھەیە بە تایبەتی لە شۆڕشەکانی کوردا و بە نموونە شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بەڕێبەرایەتی مەلا مستەفای بارزانی کە ھەموو ئایینەکان تێیدا ڕۆڵیان ھەبووە لەپاڵ براکانی تریان بەرگریان لەکوردستان کردووە، تەنانهت خوێنیان بەخشیوە، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی زیاتر وتی ئایین سەرچاوەی ئیلھامبەخشیە بۆ لێبووردەیی ، ئایینەکان بۆ خۆشەویستین و خوای گەورە ئایینی لە پێناوی ئاشتی و خۆشەویستی دروست کردووە، ئەم بەیەکەوەییەش بە ڕێزگرتنە بە تایبەتی پیاوانی ئایینی ڕۆڵیان ھەیە له ئاراستەکردنی کۆمەڵگە، ئاشکرایە کە ئایین ھەندێجار به شێوهیهك بەکار دەھێنرێ و ئاشتیی کۆمەڵایەتی تێک دەدات، ھەرێمی کوردستان جیاواز لە شوێنەکانی تری عێراق لانەی ئارامی و تەباییە، حکومەتی ههرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی کوردستان ڕۆڵی کارای ھەیە لە پتەوکردنی پەیوەندی نێوان ئایینەکان و پێکھاتەکان، ھەموو ئایینەکان داوا دەکەن دیالۆگ و گفتوگۆ بنەمای پێکەوەییمان بێت، لەسەر ئەم بنەمایە کوردستان جوانترین نموونەی پێشکەشی جیھان کردووە، دووپاتی کردەوە کە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی پشتیوان و پارێزەری ئایین و پێکھاتەکانی کوردستانە.
جێگەی ئاماژەیە کۆنفرانسەکە ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوامیی دەبێت و چەندین پانێڵ پێشکەش دەکرێن.