گرنگی دەدرێتە کەرتی گەشت و گوزاری ئایینی
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێ شەممە 2021/2/23 وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی پێشوازی لە سەرۆكی دەستەی گشتی گەشت وگوزاری هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری كرد
سەرەتا د.پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف وكاروباری ئایینی بەئامادەبوونی زیندین مولود بریکاری وەزیری ئەوقاف بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد، دواتر ئەمەل جەلال سەرۆكی دەستەی گشتی گەشت وگوزار سوپاسی وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی كرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و گوتی" لەگەڵ وەزارەت و بەتایبەت لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی پێكەوە ژیانی ئایینی كاری زۆرھەماھەنگیمان هەبووە. لەدانیشتنەكەدا بریاردرا لێژنەیەكی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی و دەستەی گشتی گەشت وگوزار پێكبهێندرێت، بۆكاركردن لەسەر گەشت وگوزاری ئایینی و ناساندنی شوێنەوارە ئایینەكانی هەرێمی كوردستان بەگەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان و كردنەوەی هۆتێل و خواردنگە لە نزیك شوێنە ئایینیەكان و دابین كردنی هەلی كار بۆ كوڕان و كچانی كورد، هاو شێوەی وڵاتانی دیكە.
دواتر د.پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی گوتی" ئێمە بە هەموو شێوەیەك هاوكار دەبین و باسی رۆڵی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی كرد لە هاندانی مامۆستایانی ئایینی، بۆ ئەوەی لە وتارەكانی هەینی باسی گەشت وگوزارو پاراستنی ژینگەو گرنگی كەرتی گەشت وگوزار بۆ هاووڵاتیان بكەن.