وەزارەتی ئەوقاف خوولی پەرەپێدانی توانای مرۆیی لە بواری موڵکە وەقفییەکان دەکاتەوە
هەولێر، هەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لەژێر چاودێری بەڕێز د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، رۆژی ١٣/٦/٢٢١، خوولی پەرەپێدانی توانای مرۆیی لە بواری موڵکە وەقفییەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەستى پێ کرد.
سەرەتای خوولەکە، سەلام کەریم سیدان، چەند بابەتێکی پێشکەش کرد و دواتریش د.سالم ئەلجنابی بابەتێکى پێشکەش کرد بە ناوونیشانی (مفاهیم الاوقاف وٲسس العمل الوقفی). پاشان د. ئەنوەر عومەر قادر، جۆر و ڕەگەزی زەوی لە هەرێمی کوردستان و جۆرەکانی وەقف و متەوەلی و دەقەکانی یاسای چاکسازی و کشتوکاڵی تایبەت بە وەقف و یاسای بەڕێوەبردن و وەبەرهێنانی ماڵینەی وەقفکراو پێشکەش کرد.
هەر یەک لە جەمال ئەحمەد عەبدوڵا و هەڵمەت موحسین عەبدوڵا، چەندبابەتێکی دیکەی تایبەت بە یاسای بەدەستهێنانی قەرزی میری و سیستەمی زیادکردن و کەمکردنەوەی تایبەت بە ئەوقاف ژمارە(٤٥)ی ساڵی (١٩٦٩)یان پێشکەش کرد.
لە کۆتایی خوولەکەش بەڕێز د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، لە وتەیەکدا سوپاسی بەشداربووانی خوولەکە و مامۆستاکانى کرد و ئومێدی بەردەوامی بۆ ئەوجۆرە خولانە خواست و گوتی "ئێمە زۆر بە جدی کار دەکەین بۆ ئەوەی موڵکەکانی سەر بە وەزارەتی ئوقاف و کاروباری ئایینی بگەڕێنینەوە سەر وەزارەت و لە ژێر کۆنتڕۆڵ و سەرپەرشتی وەزارەت بێت، بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا باشترین وەبەرهێنان لەو موڵکانە بکەین"، هەروەها باسى لەوەش کرد کە پێویستی زۆریان بە هاوکاری وەزارەتەکانی دیکەی وەک وەزارەتی شارەوانی و وەزارەتی ناوخۆ هەیە، و داوای لە بەڕێوەبەرانی ئەوقافەکان کرد کە بە جددی کار لەسەر ئەم بابەتە بکەن.