Skip to the content

وەزیری ئەوقاف وکاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان لەگەڵ موفتی میسڕ و سەرۆکی لیژنەی ئایینی پەرلەمانی کۆماری میسڕ کۆبووەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ١٦⁄ ٣⁄ ٢٠٢١ د.پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف وکاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ کۆماری میسڕ چاوی کەوت بە موفتی کۆماری میسڕ د.شەوقی عەلام، لە دیدارێکدا گفتوگۆ لە بارەی ھەماھەنگی نێوان ھەردوولا و برەودان بە پەیوەندییەکان دوپاتکرایەوە. دواتر موفتی کۆماری میسڕ سوپاسی ڕۆڵ و پێگەی ھەرێمی کوردستانی لە بڵاوکردنەوەی میانڕەوی و بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕەوی لە ناوچەکەدا و ڕۆڵی مامۆستایانی پایەبەرزی کوردستانی بە بەرزی نرخاند، دواتر تیشك خرایە سەر گرنگی ڕۆڵی پەیمانگای کوردستان بۆ وتارخوێنان و پڕۆژەکانی وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی. لە کۆتاییدا موفتی میسر ژمارەیەك پەڕتووکی زانستی شەرعی و فیقھی ئیسلامی بە دیاری بەخشییە مامۆستایانی بەڕێزی کوردستان.

لەلایەكی دیكەوە وەزیری ئەوقاف وکاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە قاھیرەی پایتەختی کۆماری میسڕ چاوی کەوت بە د.عەلی جومعە، سەرۆکی لیژنەی ئایینی پەرلەمانی میسڕ و ئەندامی دەستەی گەورە زانایانی ئەزھەری شەریف. لە دیداری نێوانیاندا د.عەلی جومعە ئاماژەی بە پەیوەندی دێرینی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان كرد و ڕۆڵی سەرکردەکانی لە مێژووی پێکەوەژیانی ئایینی و پێکھاتەکان بەرز نرخاند، هاوكات جەختی کردەوە لە ھەماھەنگی وبەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان، هەروەها ئارەزووی خۆی نیشان دا لە دەرفەتێکی گونجاودا سەردانی ھەرێمی کوردستان و عێراق بکات.