Skip to the content

کونسوڵی کۆماری میسڕ لە ھەولێر ژمارەیەک کتێبی زانستی شەرعی دەبەخشێتە پەیمانگای ئەزھەر

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ٢٠٢١/٣/٣٠ بە ئامادەبوونی شێخ ئیبراھیم بەرزنجی، بەڕێوەبەری ئیڕشادی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان و نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و مامۆستا بەختیار بەڕێوەبەری پەیمانگای ئەزھەر، محەمەد وەجیه حیجازی، کونسوڵی کۆماری میسڕ لە هەولێر ژمارەیەک کتێبی زانستی شەرعی پەروەردەیی ئایینی بەخشییە کتیبخانەی پەیمانگای ئەزھەری سەر بە وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان.

کتێبەکان سەرچاوەی گرنگی زانستی و خوێندن و بەرهەمی رووناکبیر و نووسەرانی گەورەی جیھانی ئیسلامین بۆ خزمەتی زێتری ئارەزوومەندانی زانست و لێکۆڵینەوە. وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی رێگا بۆ سەرجەم خوازیارانی خوێندنی باڵا و توێژەران دەکاتەوە ھەر کەسێک بیەوێ سوود لە سەرچاوەکان وەرگرێ دەتوانێ سەردانی پەیمانگای ئەزھەر بکات بۆ وەرگرتنیان.

شیاوی ئاماژە بۆ كردنە بەخشینی ئەم كتێبانە دوابەدوای دیداری د.پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی بوو لەگەێ كونسوڵی ناوبراو، كە بەڵێنی بەخشین و پێشكەشكردنێكی لەم شێوەیەی دابوو.