Skip to the content

پێش چوونیان بۆ وڵاتی میسر، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لەگەڵ قوتابیانی ئەزھەر کۆبووەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی پێنج شەممە ١٨⁄ ١١⁄ ٢٠٢١ مامۆستا فارس جوھر ئاژگەیی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لەگەڵ ئەو قوتابیانە کۆبووەوە کە دوای تەواو کردنی خوێندن لە پەیمانگای ئەزھەری سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە زانکۆی ئەزھەری وڵاتی میسر درێژە بەخوێندن دەدەن.
لە وتەیەکدا بەڕێوەبەری گشتی دیوان بەناوی وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیەوە پیرۆزبایی لە قوتابیانی ئازیز کرد و وێرای پشتیوانی  ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن، زیاتر وتی گرنگە قوتابیانی خۆشەویستیمان لەپاڵ خوێندنی زانستی شەرعی و پەروەدەدا رۆڵ ببینن لە ناساندنی کولتووری جوانی کوردستان و ئاشنایەتی تێکەڵاوی دروست بکەن، ئەمەش بەئامانجی ئاڵوگۆری شارستانییەت و وەرگرتنی ھەر بابەتێکی بەسوود بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان.
بەڕێوەبەری گشتی دیوان جەختیشی لەبەرەو پێشتربردنی خوێندن و بواری پەروەردە لە پەیمانگای ئەزھەر کردەوە بە دابین کردنی مامۆستای پسپۆری پێویستی وانەکان و ھەنگاوێک کە پرۆسەکە بەرەو پێش ببات.