Skip to the content

د.پشتیوان سادق:مامۆستایانی ئایینی لە کاتی ھاتنی قەیرانەکاندا ڕۆڵیان ھەبووە لە ئارامی و بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری


هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ٢٠ ی ئەیلوولی ٢٠٢١، د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە ئامادەبوونی د. عه‌بدوڵڵا وەیسی  سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و پ.ی د. دیار جه‌باری بەڕێوەبەری گشتی دیوان بە وەکالەت ، بە ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستیەکان لەگەڵ وتار خوێنان و مامۆستایانی ئایینی قەزای شەقڵاوە کۆبووەوە.
وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە وتەیەکیدا ڕۆڵی مامۆستایانی بەرز نرخاند لە بڵاوکردنەوەی بیری میانڕه‌وی و خزمەتکردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، ھەروەھا جەختی لە پاراستنی یەکڕیزی و تەبایی کۆمەڵایەتی کردەوە و بە خاڵی بە ھێزی سەرکەوتنی دانا، دواتر بە ناوی حکومەتی کوردستان سوپاسی مامۆستایانی کرد کە لە کاتی ھاتنی قەیرانەکاندا ڕۆڵیان ھەبووە لە ئارامی و بڵاو کردنەوەی ھۆشیاری، لە تەوەرێکی تردا جەختی لە ئایینپەروەری و نیشیتمانپەروەری کردەوە ، ھەروەھا ئاماژەی بە بۆردی وتاری ھەینی کرد و ڕایگەیاند بۆردی وتار لەسەر بنەمای ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسی ڕکخستنی وتاری ساڵی ٢٠١٦دروست بووە، وتیشی وتار ئەمانەتێکی گەورەیە بۆیە ئێمە پێکەوە لەخزمەتی ھاووڵاتیانی ئازیزی کوردستاندا دەبین.
لەبەشێکی وتەکەیدا پەیوەندی بەھێزی نێوان یەکێتی زانایان و وەزارەتی ئەوقافی بەرز نرخاند بۆ گەیاندنی پەیامی ئایینی، دواتر ئاماژەیدا بە بەرەو پێشبردنی قوتابخانە و خوێندنی ئیسلامی و خزمەتکردنی حوجرەکان و بەرەو پێشبردنیان، ئامانجیش لێی تەنھا دروستکردنی مامۆستای ئایینی بێت، ھەروەھا دروستکردنی پەیمانگایەکی تایبەت بە مامۆستا کە کارەکانی لە کۆتاییدایە و حوجرە و قوتابخانەکان سەرچاوەی مرۆیی پەیمانگاکە دەبن، وێڕای پشتیوانی لە خوێندنی باڵا  بۆ مامۆستایان، دواتر سوپاسی مامۆستایانی خۆبەخشی کرد و ڕایگەیاند ئەوپەڕی توانا دەخەینە گەڕ بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەت بۆ ئەم چینە گرنگە.
دواتر د.عه‌بدوڵڵا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان لە وتەیەکدا پشتیوانی بۆ ھەنگاوە پڕ خزمەتەکانی وەزارەتی دووپاتکردەوە کە پەیوەندی بەھێزی زانایان و ئەوقاف خزمەت بە پڕۆسەی خزمەتکردنی ئایینی دەکات، بۆیە لەقۆناغی داھاتوو لە ھەموو پڕۆژە و بڕیارەکان پێکەوە دەبین، ئەویش بە ئامانجی خزمەتکردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و پەیامە ڕاستەقینەکەی دواتر خزمەتکردنی زانایانی ئایینی.