Skip to the content

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لەگەڵ وتار خوێنانی ھەولێر کۆبووەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی یەک شەممە ٥⁄ ٩⁄ ٢٠٢١ د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە ئامادەبوونی د. عه‌بدوڵڵا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بە ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان لەگەڵ وتارخوێنانی ئەوقافی ھەولێر کۆبووەوە، لەوتەیەکدا وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی بەخێرھاتنی مامۆستایانی وتار خوێنی کردو خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەدیداری مامۆستایان دواتر ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی بەرزنرخاند لە بڵاوکردنەوەی بیری میانڕەوی خزمەتکردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام ، ھەروەھا جەختی لە پاراستنی یەکڕیزی و تەبایی کۆمەڵایەتی کرد بە خاڵی بەھێزی سەرکەوتنی دانا، دواتر بەناوی حکومەتی هه‌رێمی کوردستان سوپاسی مامۆستایانی کرد کە لەکاتی ھاتنی قەیرانەکاندا ڕۆڵیان ھەبووە لە ئارامی و بڵاو کردنەوەی ھۆشیاری، لە تەوەرێکی تردا جەختی لە ئایینپەروەری و نیشتیمانپەروەری کردەوە ھەروەھا ئاماژەی بە بۆردی وتاری ھەینی کردو ڕایگەیاند بۆردی وتار لەسەر بنەمای ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسی ڕێکخستنی وتاری  ساڵی ٢٠١٦دروست بووە ،  زیاتر وتی وتار ئەمانەتێکی گەورەیە، بۆیە ئێمە پێکەوە لەخزمەتی ھاووڵاتیانی ئازیزی کوردستاندا دەبین، لە بەشێکی وتەکەیدا پەیوەندی بەھێزی نێوان یەکێتی زانایان و وەزارەتی ئەوقافی بەرز نرخاند بۆ گەیاندنی پەیامی ئایینی، دواتر ئاماژەیدا بە بەرەو پێشبردنی قوتابخانەو خوێندنی ئیسلامی و خزمەتکردنی حوجرەکان و بەرەو پێش بردنیان ئامانجیش لێی تەنھا دروستکردنی مامۆستای ئایینی بێت، ھەروەھا دروستکردنی پەیمانگایەکی تایبەت بە مامۆستا کە کارەکانی لەکۆتاییدایە و حوجرەو قوتابخانەکان سەرچاوەی مرۆیی پەیمانگاکە دەبن، وێڕای پشتیوانی لە خوێندنی باڵا بۆ مامۆستایان،دواتر سوپاسی مامۆستایانی خۆبەخشی کرد و ڕایگەیاند ئەوپەڕی توانا دەخەینە گەڕ بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەت بۆ ئەم چینە گرنگە.
دواتر د. عه‌بدوڵڵا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان لە وتەیەکدا پشتیوانی  بۆ ھەنگاوە پڕ خزمەتەکانی وەزارەت دووپاتکردەوە کە پەیوەندی بەھێزی زانایان و ئەوقاف خزمەت بە پرۆسەی خزمەتکردنی ئایینی دەکات، بۆیە لەقۆناغی داھاتوودا  لە ھەموو پڕۆژەو بڕیارەکان پێکەوە دەبین، ئەویش بە ئامانجی خزمەتکردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و پەیامە ڕاستەقینەکەی دواتر خزمەتکردنی زانایانی ئایینی .