Skip to the content

پەرستگەی لالش نۆژەن دەکرێتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە ٣⁄ ٢⁄ ٢٠٢٢  د. پشتیوان سادق وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی بە یاوەریی  میر و باباشێخی ئێزیدیان و پێکھاتە ئایینیەکان، سەردانی پەرستگەی لالشی لە دەڤەری شێخان کرد، ئامانجی سەردانەکەی ئەنجامدانی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی بنکەی لالش بوو کە بە چاودێریی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نۆژەن دەکرێتەوە، لە وتەیەکدا وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی سڵاوی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی گەیاندە ئامادەبووان و پیرۆزبایی جەژنی چلەی زڤستانێ ی ئاراستە کردن، دواتر ڕایگەیاند، ئێزیدیەکان نەھامەتی و دەردەسەریان بینیوە و ڕووبەڕووی تیرۆر بوونەتەوە و جینۆساید کراون، ھەروەھا ڕوونیكرده‌وه‌ ئێزیدییه‌كان شایه‌نی هه‌موو خزمه‌تێكن و تاوانی بێ وێنەیان بەرامبەر کراوە، حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە ئەرکی خۆی دەزانێت لە ڕووی ماددی و مه‌عنه‌وی بەپێی توانا ، قه‌ره‌بووی زیانەکانیان  بکاتەوە، جەختی کردەوە کە لە نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ته‌واوی په‌رستگەكانی تری ئایین و پێکھاتەکانی ھەرێم  درێغی ناكەین.
وه‌زیری ئه‌وقاف و کاروباری ئایینی تەئکیدی له‌ پاراستنی سروشتی پێکەوەژیان لە ھەرێمدا کردەوە و ڕایگەیاند خەڵکی کوردستان جوانترین نموونەیان نیشانی جیھان داوە، بۆ ئەمەش پێکەوە ئەم تەبایی و خۆشەویستییە دەپارێزین.