Skip to the content

خوولی ڕاهێنان بۆ موفتی و مورشیدانی ئایینی بەڕێوە چوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئه‌مڕۆ چوارشەممە  ٨ ی حوزەیرانی ٢٠٢٢،  بە ئامادەبوون و چاودێری د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی، لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە خوولی ڕاهێنان بۆ موفتیان و مورشیدانی ئایینی دەستی پێكرد، ئەو خوولە بە سەرپەرشتی (شێخ نیاز راغب نەقشبەندی) بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان بەڕێوه‌چوو، بۆ ئەو مامۆستا ئاینییانەی كە دەستنیشانكراون بۆ یاوەریكردنی هاووڵاتیانی كوردستان لە سەفەری حەجی ئەمساڵ ٢٠٢٢.
لە دەستپێكی ڕێوڕەسمی خوولەكەدا، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی وتەیەكی پێشكەش كرد، كە دوای پیرۆزبایی لە دەستەی مامۆستایان،مورشید و موفتی، ئەوەی تێدا ڕوونكردەوە، كە ئەو ئەركەی دەكەوێتە ئەستۆی مامۆستایان لەو سەفەرەدا ئەركێكی پیرۆزی ئایینیە و لە پاڵ ئەوەشدا ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانییە، ئەوەی دووپاتكردەوە كە دەستنیشانكردنی ئەو مامۆستایانە بە شێوەیەكی شەفاف و تا ئەوپەڕی دادوەرانە بەڕێوەچووە، كە دوای تیروپشك دیدار و تاقیكردنەوەش بۆ مامۆستایان ئەنجام دراوە. بۆیە هیواخوازن كە بەوپەڕی لە خۆبوردووییەوە ئەو ئەركە پیرۆزە ڕاپەڕێنن و تا بكرێ لە سنوورەكانی شەرعی پیرۆزدا، ئاسانكاری بۆ هاووڵاتیان بكەن لەو پرسوڕایانەی كە لە ڕۆژانی حەجدا دێنە پێش حاجییان.
لەلایەن خۆیەوە بەڕێوەبەری گشتی ئەوەی خستەڕوو كە دەرەنجام هەوڵی هەمووان لە بەرژەوەندی پێشكەشكردنی خزمەت بە حاجیانی كوردستان كۆدەبێتەوە و پێویستە لە چوارچێوەی ڕێنماییەكان ماندوونەناسانە ئەركی سەرشانمان بەجێ بگەیەنین.
پاشان مامۆستایانی وانەبێژ دەستیان بە پێشكەشكردنی بابەتەکانیان كرد و دواترش لە لایەن وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی د.پشتیوان سادق و بەرێوەبەری گشتی حەج و عومڕە نیاز راغب نەقشبەندی، بڕوانامەی بەشداربوون درایە بەشداربووانی خول.