Skip to the content

د. پشتیوان سادق: مامۆستایانی ئایینی ڕۆڵیان هه‌بووه‌ له‌ پاراستی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی توندوتیژی خێزانی

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە ڕێكه‌وتی ٢٥ی ئایاری٢٠٢٢ د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی پێشوازی لە  قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی کوردستان کرد، دواتر کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی د. عه‌بدوڵا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی و فێنک شەفیق بەڕێوەبەری توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان به‌ ئامانجی ڕێکخستنی ھەڵمەتێکی بەرفراوان  و بەرزکردنەوەی ھۆشیاریی کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی کوشتنی ئافرەتان لەژێر ھەرناوێک به‌ڕێوه‌چوو، جێگری سەرۆک وەزیران ستایشی ھەوڵە بەردەوامەکانی وەزارەتی ئەوقاف و زانایانی ئایینی کرد و ڕۆڵی ئه‌وانی بەرز نرخاند لە دەستەبەر کردنی ژیانێکی ئاسوودە بۆ خێزان و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی.
 د. پشتیوان سادق ڕایگەیاند وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی شانزە ڕاسپاردە و بڕیاری گرنگی ھەیە، لەسەر بنەمای ڕاسپاردەکان پڕۆژە و کارەکان جێ بەجێ دەکرێن کە لەلایەن خودی مامۆستایانەوە نووسراونەتەوە، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی دا به‌ دروستکردنی بۆردی وتار و خوولی پەرەپێدانی تواناکان و کردنەوەی پەیمانگه‌ی کوردستان و چەندین پڕۆژەی تر و ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی به‌ گرنگ زانی بۆ پاراستی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی توندوتیژی خێزانی .
د. عه‌بدوڵا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان ڕووانگەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامی خستەڕوو کە ئیسلام لەگەڵ مرۆڤایەتی و ئاشتی و پێکەوەییە و دژی کوشتن و لەناوبردنە، وێرای دەستنیشانکردنی ھۆکارە دیارەکانی کوشتنی ژنان ، جەختی لە ئەرک و ڕۆڵبینینی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان له‌م باره‌یه‌وه‌ کردەوە.