Skip to the content

وەزارەتی ئەوقاف ڕێزی لە بەرپرسی بنکەکانی لەبەرکردنی قورئان نا

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، لە مەراسیمێکدا د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی، لەگەڵ بەڕێوەبەرانی بنکەکانی لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز کۆبووەوە و دواتر ڕێزلێنانی بەخشییە بەڕێوەبەران و مامۆستایانی ئاینی.

ناوبراو لە گوتەیەکدا دەستخۆشی ئاراستەی سەرپەرشتیاران و مامۆستایان کرد و پشتیوانیی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی بۆ بەرەوپێشتربردنی لایەنی ئەکادیمیی بنکەکانی لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز دووپاتکردەوە، وێرای دابینکردنی مامۆستایانی پسپۆڕ و لێھاتوو و خاوەن بڕوانامەی زانستی و شەرعی.

د. پشتیوان سادق جەختی لە ئاینپەروەری و نیشتمانپەروەری و پێگەیاندن لەسەر بنەمای خۆشەویستی بۆ ئاین و وڵات کردەوە.
لە درێژەدا وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی راسپارد بۆ پێشکەشکردنی ئاسانکاری و مامەڵەی بنکەکانی لەبەرکردنی قورئان.

بنکەکانی لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی فێرکردن و ئیرشادی ئاینییە و چالاکییەکانیان بەسەرپەرشتیی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینییە.

جێگەی ئاماژەیە ڕێزلێنانی وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی بۆ مامۆستایان و ناوەندەکانی ئەوقاف بەردەوامی دەبێت.