Skip to the content

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی لەگەڵ بۆردی باڵای وتار کۆبووەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی، لەگەڵ بۆردی باڵای دانانی وتاری ھەینی کۆبووەوە، مەبەستی کۆبوونەوەکە خستنەڕووی ڕاپۆرتی ساڵانەی چالاکییەکانی بۆرد بوو؛ وردەکاریی ڕاپۆتەکەش لەلایەن مامۆستا بارزان باران، سەرۆکی بۆردی باڵا و بەئامادەبوونی ئەندامان خوێندرایەوە.

د. پشتیوان سادق دەستخۆشی ئاراستەی بۆردی باڵا کرد و پشتیوانیی وەزارەتی بۆ کاروبارەکانی بۆرد لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە، وێڕای ڕەزامەندی لەسەر چەند چالاکییەکی بۆردی باڵا کە لە داھاتوودا ئەنجامدەدرێن.
جگە لەمەش د. پشتیوان سادق بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ڕاسپارد بۆ تەواوکردنی ڕێکاری یاسایی، تاوەکوو بۆردی باڵای وتاری ھەینی بەشێوەیەکی یاسایی لە
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی جێگیر بکرێت و ھەموو پشتیوانییەکیش پێشکەش بە مامۆستایانی بۆردی وتار بکرێت.

بۆردی باڵای وتار بە ڕاسپاردەی کۆنفرانسی ڕێکخستنی گوتاری ئاینیی ساڵی ٢٠١٦، بڕیاری دروستکردنی دراوە، وێرای بۆردی سەرەکی، خاوەنی بۆردی پارێزگاکانە و کارەکانیش بەشێوەی ھەماھەنگی بەڕێوەدەچن.