Skip to the content

بەئامادەبوونی وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی کۆڕبەندی پزیشکیی ئیسلامی بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، بەئامادەبوونی دکتۆر پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی، دکتۆر عەبدولڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئاینی و بەرپرسان، کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سەڵاحەدین، بە بەشداریی توێژەران و مامۆستایانی ئاینی و پزیشکان، کۆڕبەندی پزیشکیی ئیسلامی بەڕێوەبرد.

لە گوتەیەکدا دکتۆر پشتیوان سادق، ھەوڵەکانی وەزارەتی لە ماوەی ڕابردوودا خستەڕوو بە ھەماھەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکان، ھەروەھا پشتگیریی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی بۆ ڕاسپاردەکانی کۆڕبەندەکە دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند" ئێوەی توێژەران بگەنە ھەر ئەنجامێکی ھەمەلایەنە، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی پێشوازیان لێدەکات و جێبەجێیان دەکات، چونکە ئەمە بابەتێکی زانستی و شەرعییە، پێویستە توێژەران و مامۆستایانی ئاینی بگەنە ئەنجامێکی ھاوبەش کە لە خزمەت ئاینی پیرۆزی ئیسلام و مرۆڤایەتی بێت."

دواتر ژمارەیەک لە پزیشکان و مامۆستایانی ئاینی، تۆێژینەوەکانیان خستەڕوو. 
لە کۆتاییشدا کە دەگەن بەچەند ئەنجامێکی ھاوبەش و گرنگ، وەک ڕێگاچارەیەکی زانستی دەخرێنەڕوو.