وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی و کۆمەڵێک کەسایەتیی ئاینی ئیسلام جەخت لە لێبوردنی ئاینی دەکەنەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ١٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، دکتۆر پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی، بەئامادەبوونی دکتۆر عەبدولڵا وەیسی سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامی کوردستان، دکتۆر حەسەن موفتی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای فەتوا، ھەروەھا بەشداریی كەسایەتییە ئاینییەكان و روناكبیر و زانایانی بواری هزری ئاینی ئیسلام، كۆبوونەوەیەک رێکخرا.
لە گفتوگۆیەكی كراوەدا، چەندین بابەتی پەیوەندیدار بە رێكخستنی كاروباری مزگەوتەكان و پاراستنی سرووتە ئاینییەكان و پەرستش و ئەركەكان تاووتوێ كرا.
لەمیانی راوێژ و گفتوگۆكاندا جەختی هەمەلایەنە لە نزیكبوونەوەی زیاتری ئاراستە ئاینییەكان و یەك پەیامی و درووستكردنی كۆدەنگی لەسەر بنەما شەرعییەكان كرایەوە، دواتر پێكەوە بڕیاردرا کۆنفرانسێكی تایبەت بە بوارە گشتییەكان و بەشداریی سەرجەم بەشدارانی كۆبوونەوەكە و ئاراستە جیاوازەكان ببەسترێت، ئەمەش لەپێناو گەیشتن بە كۆدەنگی و راسپاردەی درووست لە خزمەت پەیامی پیرۆزی ئاینی ئیسلام.