Skip to the content

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی پێشوازی لە پاولۆ ئیمپالیازۆ سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی سەنتایاجیدۆی ئیتاڵی کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٠٢، دکتۆر پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی، پێشوازی لە پاولۆ ئیمپالیازۆ سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی سەنتایاجیدۆی ئیتاڵی کرد.

لە گوتەیەکدا وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی، باسی لەو پەیوەندییە بەهێزەی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئیتیاڵیا کرد و رایگەیاند" پێویستە ئەو پەیوەندییە لەسەر ئاستی رێکخراو ناحکوومی و نێودەوڵەتییەکانیش زیاتر پەرەی پێبدرێت، هەروەها روڵی حکوومەتی ئیتاڵیای بەرز نرخاند لەشەڕی رووبەڕووبونەوەی داعش و باسی لەو گیانی تەبایی و ئەو پێکەوەژیانەی کە لە کوردستان بۆتە پەناگەیەکی ئارام بۆ ئاوارەکان، کە ئەمەیش نموونەیەکی جوانە بۆ ئازادیی ئاینی و پێکەوەژیان لەو هەرێمە".

لە تەوەرێکی دیکەی دانیشتنەکەدا، د.پشتیوان سادق داوای لە پاولۆ ئیمپالیازۆ کرد، کە وەکو رێکخراوەکەیان پاڵپشت و یارمەتیدەرمان بن بۆ پیشاندانی ئەزموونی ئەو پێکەوەژیانە راستەقینەیەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە.

لای خۆیشەوە پاولۆ ئیمپالیازۆ سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی سەنتایاجیدۆی ئیتاڵی، سوپاس وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی کرد، بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لێیانی کردووە، دووپاتی کردەوە کە ئەوان وەکو رێکخراوی سەنتایاجیدۆی ئیتاڵی هاوکار و پاڵپشتی زیاتر دەبن.