Skip to the content

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لێبوردەیی ئاینیی کوردستانی بەرز نرخاند

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، دکتۆر پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی، بەبەشداریی نوێنەری پێکھاتە ئاینییەکان پێشوازی لە باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ‏ناوەڕاست و شاندێكى یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆی لەبارەی وتار و ڕۆڵی میانڕەویی مامۆستایانی ئاینیی ھەرێمی کوردستان کرا، ھەروەھا کولتووری پێکەوەژیانی خەڵکی کوردستان و بەرنامەکانی حکوومەتی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە تاووتوێ کرا.

لە دیدارەکەدا ڕۆڵی مامۆستایانی ئاینیی مزگەوت و شوێنە ئاینییەکانی تر لە گوتاری میانڕەوی و پەرەپێدانی گیانی پێکەوەیی بە گرنگ زانرا.

دواتر ڕووناکی خرایە سەر ڕۆڵی پیاوانی ئاینیی مەسیحی و ئێزیدی و ئایینەکانی تر و لەبەرامبەردا باربارا لیف سوپاسی خەڵکی کوردستان و مامۆستایانی ئاینی کرد.

دواتر پێکەوە سەردانی مزگەوتی جەلیل خەیاتیان کرد و لەگەڵ بەشیر خەلیل حەداد وتارخوێن و دارا جەلیل خەیات بەشەکانی مزگەوتەکەیان بەسەر کردەوە.

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا خۆشحاڵیی خۆی بەبینینی ئەم تابلۆ رەنگینەی پێکەوەژیان دەربڕی کە لە ھەرێمی کوردستان ھەیە و جەختی لە پشتیوانیکردنی وڵاتی ئەمەریکا بۆ ھەرێمی کوردستان کردەوە.

دواتر پەرتووکی پێکەوەژیان کە لەلایەن بەرێوەبەرایەتیی پێکەوەژیانی ئاینییەوە ئامادەکراوە، لەلایەن وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینییەوە پێشکەشی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کرا.