Skip to the content

ڕاگەیاندراوی وەزارەتی ئەوقاف لەبارەی هێرشکردنەسەر مزگەوتێکی شنگال

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بەتووندی ئیدانەی بێڕێزی و دەستدرێژیکردنەوە سەر مزگەوت و ھەر ناوەندێکی دیکەی ئایینی دەکات و دەڵێت، ئەم جۆرە کردەوانە پلانی کەسین و پەیوەندی بە ھیچ ئایینێکەوە نییە.

پێنجشەممە ٢٧ـی نیسان، لە ئەنجامی گرژی و ئاڵۆزی دەڤەری شنگال دژی گەڕانەوەی ژماریەک خێزانی عەرەب بۆ دەڤەرەکە، ئاڵۆزی دروستبووە و بەھۆیەوە ژمارەیەک کەس ھێرشیان کردووەتە سەرحەرەمی مزگەوتی شارەکە.

وەزارەتی ئەوقاف پێیوایە: ئەم کارە ناڕەوایە دوورە لە ئاداب و نەریتی خووڕەوشتی ڕەسەنی ئایینی و کوردەواری و ھەوڵێکی پلاندارێژراوە بۆ تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئایینی لە ناوچەکەدا.

دەشڵیت: ئەو لایەنانەی لێناگەڕێن دۆخی شنگال ئاسایی بکرێتەوە، بەرپرسی یەکەمی ڕووداوەکەن و بەردەوام ڕۆڵیان لە ئاژاوەگێڕی دەڤەرەکەدا ھەیە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی ئەوقافدا هاتووە: ئەم جۆرە کردەوانە پلانی کەسین و پەیوەندی بە ھیچ ئایینێکەوە نییە، بۆیە داوا لە لایەنی پەیوەندیداری حکومەتی عێراق دەکەین، بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ دۆخی شنگالدا بکەن و بکەرانی ڕووداوەکە دەستنیشان بکەن و ڕووبەڕووی سزای یاساییان بکەنەوە.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی
٢٨ـی نیسانی ٢٠٢٣