Skip to the content

لە ناحیەی دارەتووی ھەولێر مۆڵەتی زانستی درایە ژمارەیەک مامۆستای ئایینی

رۆژی شەممە ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، لەناحیەی دارەتوو، بەئامادەبوونی د.پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، د.عبداللە وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی، بەشداری مامۆستایانی ئایینی مەرسیمی پێدانی (مۆڵەتی زاستی) بۆ پێنج فەقێ، کە بوونە مامۆستای ئایینی بەڕێوەچوو.

لەوتەیەکدا د.پشتیوان سادق، دەستخۆشی لە مامۆستای سەرپەرشتیارو مۆڵەت پێدەرکرد و پیرۆزبایی لەو مامۆستایانە کرد، کە دوای خوێندنی زانستە شەرعییەکان بۆ ماوەی چەند ساڵێک توانیان مۆڵەتی مەلایەتی وەربگرن.

وەزیری ئەوقاف وکاروباری ئایینی راشیگەیاند: " ئەمڕۆ ھەمووان لەسایەی ئارامی و تەناھی و وتارە میانڕەوییەکانی مامۆستایانی ئایینی، کوردستان پارێزەری ڕاستەقینەی ئایینە و نمونەی جوانی و ئارامی و پێکەوەژیانە لەناوچەکە و جیھان، ئەمەش بەرھەمی ھاوکاری و ھەماھەنگی و بەرپرسیاریەتی ھەموولایەکە.''

لەدرێژەی وتەکەی د.پشتیوان سادق ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە لەگەڵ ئایینداری دا خەمی گەورەمان پاراستنی شکۆی بەرزی کوردستان بێت، ئەگەر کەسانێک بیانەوێت لە ڕێگەی جیاوازەوە پێشێلی مافەکانمان بکەن، بەدڵنیاییەوە ئیرادەی بەھێزی خەڵکی کوردستان لەوە گەورەترە و ناتوانن مەرامەکانیان بێننەدی.

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئاماژەی بەوەدا کە ڕوونە ئەگەر ئەم پارێزبەندی و پاراستنی کوردستان نەبێت، ناتوانرێت پەرستشەکان جێبەجێبکرێن، وەک ئەوەی دەوروبەری خۆمان دەبینین کەھەموو مافێکی ئایینی و نیشتمانیان پێشێل کراوە، تەنانەت خاوەنی خۆیان نین زوڵمیان لێدەکرێت، مادام خاوەنی ئێوەی مامۆستایانی ئاینی و پێشمەرگە و ھێزەکانی ئارامین، پشت بەخوای گەورە کوردستان سەردەکەوێ و ناخۆشیەکان کۆتاییان دێت، ئەوەی دەمێنێتەوە سەربەرزیە بۆ ئەوانەی بەخۆڕاگری و ئارامگرتنەوە بەرامبەر بیری شۆڤینی و تاک لایەنی وەستانەوە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکان نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی رایگەیاند:'' حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی جێبەجێکردووە، ئەوەی کەوا کەمتەرخەمە مافە دەستوورییەکان پێشێل دەکات، حکومەتی فیدراڵە، ھەوڵەکان بەردەوامن و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەستخستنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان سڵناکاتەوە. ''


دواتر د.عبداللە وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پیرۆزبایی لە دەرچووان کرد و دەستخۆشی لە د.حەسەن پشدەری، سەرپەرشتیاری پێدانی مۆڵەتی زانستی کرد و ئاماژەی بەڕۆڵی کارا و مێژووی حوجرەکانی کوردستان کرد لە پێگەیاندنی مامۆستایانی ئایینی و پەروەدە و پشتیوانی لە شۆرش و خەباتی میللەتە سەربەرزەکەمان.

جەختیشی لە پشتیوانیکردنی پەیرەوی ئیمامی شافعی کردەوەو ڕایگەیاند پێویستە لەسەر ھەمووان پێگیری مەزھەبی ئیمامی شافعی بکەین و ڕێچکەو ڕێبازی ئایینی لەپێشینەدا بنێنین وەک ئەوەی لەمێژوودا کورد لەسەری بووە، سوپاسی ھەماھەنگی و پشتیوانی وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی کرد بۆ پشتیوانی بڕیارەکانی فەتوای کوردستان و یەکێتی زانایان
لەو رێوڕەسمەدا مۆڵەت درایە هەریەک لەم مامۆستایانەی خوارەوە:

1. مامۆستا مەلا لقمان ملا أحمد رۆستایی.
2. مامۆستا مەلا محمد عبدالرحمن گوێزلینگەیی.
3. مامۆستا مەلا إبراهیم ملا محمود گرتکی.
4. مامۆستا مەلا عقید عبدالرزاق گەزنەیی.
5. مامۆستا مەلا معید ملا خضر سورچی.