سەمیناری ئاڵا وەک شووناس و هێمای مانەوە بۆ مامۆستایانی ئایینی بەڕێوەچوو
هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD)- لە یادی دامەزراندنی كۆماری كوردستان، سەمینارێك لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و كاروباریی ئاینی، بۆ پرسی ئاڵا و ناسنامەی كوردستان بەڕێوەچوو.
ڕۆژی یەكشەممە، ٢٢ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی د.پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، سیمینارێک بۆ یادی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە مهاباد لە ساڵی ١٩٤٦ بەڕێوەچوو.
لە سەرەتادا وەزیری ئەوقاف، باسێکی لە مێژووی ئاڵای کوردستان و کۆماری کوردستان لە مهاباد کرد و گوتی:" ئەگەر باس لە شارستانی و مێژووی ئیسلام و شۆڕشەکانی کوردستان بکەین، نابێ ڕۆڵی زانایانی ئایینی لەیاد بکەین، کە ڕۆڵێکی سەرەکییان لە پرسە نیشتیمانی و نەتەوەییەکاندا هەبووە. وەکوو کۆماری کوردستان، کە قازی محەمەد سەرۆکایەتی کردووە و مەلا مستەفای بارزانییش یەکێک بووە لە سەرکردە هەرە ئازاکانی ئەو کۆمارە؛ بۆیە وەکوو ئەرکێکی ڕەوشتی و ئایینی، لەسەرمان پێویستە بەرگری لەو ئاڵایە بکەین."
هەروەها گوتی" مامۆستایانی ئایینی لە کۆندا درێخییان لە پەیامی نیشتیمانی و نەتەوەیی نەكردووە، بەڵام ئێستا لە هەموو کات زیاتر پێویستیمان بەو هەستە نیشتیمانی و نەتەوەییە هەیە و پێویستە بەردەوامیش جەختی لەسەر بکەینەوە."
لە بەشێكی دیكەی سەمینارەكەدا، توێژەر عەبدولستار ئەحمەد باغمرەیی، باسێكی تیروتەسەلی مێژوویی لەسەر ئاڵای كوردستان و بایەخی ئاڵا لە ئاینی ئیسلام و مێژووی ئیسلامدا خستە بەرباس و گرنگییەكانی ئاڵای لە قۆناغە جیاجیاكاندا بۆ مامۆستایان و ئامادەبووانی سەمینارەكە ڕوونكردەوە.