مزگەوتی فیردەوس لە شاری هەولێر كرایەوە
![](/media/17785/fb_img_1673808738856.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133183239900000000)
هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) -شەوی یەكشەممە، ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، د. عەبدولڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایان و مامۆستایانی ئایینی، مزگەوتی فیردەوس لە گەڕەكی فەرمانبەرانی شاری ھەولێر بە دیزاینێكی جوان و پێشكەوتوو کرایەوە.
لە گوتەیەکدا د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی، دەستخۆشی ئاراستەی خێرخوازان کرد و پیرۆزبایی کردنەوەی مزگەوتەكەی لە دانیشتووانی گەڕەكەكە کرد؛ گوتی: "حکومەتی کوردستان بە دابینکردنی زەویی شایستە و پێشکەشکردنی ھەموو ئاسانکارییەک، مزگەوت لە شوێنە پێویستەکان دەکاتەوە. پەیامی مزگەوت و وتاری میانڕۆی مامۆستایانی ئایينی، فەلسەفەی ڕاستیی ئایینی ئیسلامە، کە پڕە لە بەھای جوانی مرۆڤدۆستی و پێکەوەژیان."