Skip to the content

کۆنفرانسی پێکەوەژیانی ئایینی لەنێوان پێکهاتە ئایینییەکان بەڕێوە چوو

ڕۆژی یەکشەممە، ٣٠ی نیسانی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی د.پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی،بەڕێوەبەرایەتیی پێکەوەژیانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بە هەماهەنگیی ڕێکخراوی دیدار، کۆنفرانسێکی بۆ پێکهاتە ئایینییەکان ڕێکخست، کە تیایدا توێژەران و پسپۆڕانی بوارەکە و نوێنەری پێکهاتە ئایینیەکان لە هەرێمی کوردستان تێیدا بەشدار بوون.

ئامانج لەو کۆنفرانسە بریتی بوو لە پەرەپێدانی گیانی پێکەوەیی و هاوکاری و قووڵکردنەوەی تەبایی لەنێوان پێکهاتەکانی کوردستان، هەروەها قسەکردن لەسەر یاسای ژمارە (٥)ی ساڵی (٢٠١٥)ی پەرلەمانی کوردستان و هەنگاوەکان بۆ زیاتر بەهێزکردنی چالاکییە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکان و پاراستنی ئەو تەبایی و یەکڕیزییەی لە کوردستان هەیە، لە هەمان کاتیشدا دوورکەوتنەوە لە گوتاری توندوتیژی.

لە بەشێکی کۆنفرانسەکەدا د.پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی گوتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا سوپاسی مامۆستایانی ئایینی کرد کە ڕۆڵیان هەبووە لە پاراستنی تەبایی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ئەو پێکەوەژیانەی کە لە کوردستان لەنێوان پێکهاتە ئاینییەکان هەیە، هەروەها جەختی لە برایەتی و تەبایی و کاری پێکەوەیی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی لەنێوان پێکهاتەکانی کوردستان کردەوە، دووپاتیشی کردەوە کە "کوردستان نموونەیەکی جوانی پێکەوەییە لە ناوچەکە و جیهاندا."