Skip to the content

د.پشتیوان سادق بەشداری کۆنفرانسی وەزاری نێودەوڵەتی ئازادی ئاینی و بیروڕا لە کۆماری چیک دەکات

لەسەر بانگھێشتی فەرمی وەزیری دەرەوەی کۆماری چیک، د.پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی بەشداری کۆنفرانسی وەزاری نێودەوڵەتی ئازادی ئاینی و بیروڕا دەکات.

کۆنفرانسەکە بە بەشداری ژمارەیەکی دیاریکراو لە وەزیران و سەرکردە و بیرمەند و کەسایەتییە ڕۆشنیرەکانی بواری ئایینی و دیبلۆماسی و سیاسی بەرێوە دەچێت.

لەمیانی چالاکییە نێودەوڵەتییەکەدا ھەرێمی کوردستان دەرفەتێکی گونجاوی بۆ ڕەخسا تاوەکو گفتوگۆ لەگەڵ ئامادەبووان ئەنجام بدات.

لەگفتوگۆیەکی کراوەدا د.پشتیوان سادق، زانیاری لەسەر پێکەوەژیانی ئایینی و ئازادی ئایینی لەکوردستان پێشکەشکرد و دیمەنی جوانی تەبایی و گیانی پێکەوەیی نێوان ئایینەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ بەشداربووانی ئەم کۆنفرانسەکە خستە ڕوو.

لە میانی کۆنفرانسەکەدا وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی دیداری لەگەڵ فیۆنا بروس، ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا و سەرۆکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ئازادی ئایینی، نێردەی تایبەتی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بۆ ئازادی ئاینی ولۆرد ئاڵتن، ئەندامی ئەنجومەنی لۆرداتی بەریتانیا و شارەزا لە بواری ئازادی ئاینی و بیروڕا و نایدین مایێنزا، سەرۆکی ئەمیندارێتی ئازادی ئایینی نێودەوڵەتی لە ئەمەریکا ئەنجام دا.

کۆنفرانسەکە لەسەر ئاستی جیھانە و تیایدا چەندین لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی ئاکادیمی پێشکەش دەکرێن و هەرێمی کوردستان وەک ھەر وڵاتێکی تری بەشداربوو بەفەرمی بانگھیشتی کۆنفرانسی وەزاری نێودەوڵەتی پێکەوەژیان و ئازادی ئایینی کراوە .