Skip to the content

دەستەی حەجی عێراق سوپاسی پڕۆژە و کارە بەخزمەتەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە دەکات

رۆژی پێنجشەممە ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، لە شاری بەغدا شێخ نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرە، سەردانی دەستەی باڵای حەجی عێراقی کرد و لەلایەن شێخ سامی ئەلمەسعودی، سەرۆکی دەستەوە پێشوازیکرا.

لەدیدارەکەدا سەرۆکی دەستەی حەجی عێراق، پێزانینی خۆی ئاراستەی پڕۆژە و بەخشش و کارە بەخزمەتەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە کرد، بۆ ئەو خزمەتەی کە لەماوەی رابردوودا بۆ عومرەکاران و پرۆسەی حەجی حاجیانی ھەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدەن.

وێڕای پاڵپشتی لە کاروبارە کارگێڕییەکانی حەجی هەرێمی کوردستان، جەختی لە ھەماھەنگی و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانیان کرد.

دواتر گفتوگۆ لەبارەی دوایین ئامادەکارییەکانی پرۆسەی حەجی ساڵی داھاتوو کرا و تاوتوێی ھەنگاوەکانی نووسینی ناوی حاجییان و ئەنجامدانی تیروپشکی حاجییان کرا.

بەڕێوەبەری گشتی حەج وعومرە دوایین زانیاری و رێکارەکانی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ناوی حاجیانی شیکردەوە و جەختی لە پێشکەشکردنی ئەوپەڕی خزمەت بۆ حاجییان بەگشتی کردەوە .