Skip to the content

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی پارێزگای دھۆک کۆبووەوە

ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی تشرینی یەکەمی٢٠٢٣، د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف وکاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی پارێزگای دھۆک کۆبووەوە.
 
لە دیدارەکەدا د.پشتیوان سادق، تیشکی خستەسەر دۆخی گشتی ناوچەکە و سوپاسی مامۆستایانی ئایینی کرد، کە بەوپەڕی بەرپرسیاریەتییەوە ئەرکەکانیان ڕادەپەڕێن و ڕۆڵی کارای مامۆستایانی بە گرنگ پێناسەکرد لەپەرەپێدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و گیانی پێکەوەییدا.

ھەرلەمیانی وتەکەیدا وەزیری ئەوقاف وکاروباری ئایینی ڕایگەیاند: ''نابێت رەفتاری نابەجێی لایەنێک لەسەر کۆی ئایینەکان ھەژمار بکرێت، پێویستە سەرجەم ئایینەکان پێکەوە بژین، ئەمە قەدەری خوای گەورەیە کە ژیان و بوونی ھەمووان لێرەیە، بۆیە ئەگەر ھەرلایەنێک پێی وابێت کە لایەنێکی تر لەناو دەبات، ئەمە کارێکی ناواقیعی و ناپەسەندە، میانڕەوی و دونیا بینی واقیعی مامۆستایانی ئایینی ئێمە جێگەی سوپاسە و ڕەنگدانەوەی جوانی لەنێو کۆمەڵگەداھەیە.''

لەبەشێکی تری وتەکەیدا د.پشتیوان سادق، تیشکی خستەسەر سەردانی شاندی ھەرێم بۆ بەغدا بۆ چارەسەری مافە یاسایەکانی خەڵکی کوردستان و رایگەیاند: '' مێژوو سەلماندویەتی کە کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت ناوچەکە ئارام نابێت، ئایندەی کوردستان گەشە و ساڵی داھاتوو دۆخەکە باشتردەبێت.

کوردستان ھەموو ئیلتیزامێکی یاسایی جێبەجێکردووە لەسەر حکومەتی فیدراڵی پێویستە مافەکانی خەڵکی کوردستان بدات، بەڵام ئەمە مانایی ئەوە نییە کە ماف و ئیرادەی میللەتە سەربەزەکەمان بەھەر بەھانەیەک پێشێل بکرێت، چونکە خەبات و گیانفیدایی خەڵکی کوردستان رەتکردنەوەی پێشێلی مافە شەرعیەکان و زوڵمە لەسەر خەڵکی بەئیرادەو سەربەرزی کوردستان'' .