Skip to the content

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان هەماهەنگی و هاوکاری دەکەن

 ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ ـی ئەیلوولی ٢٠٢٣،  لە دیوانی وەزارەتی ڕۆشنبیری بە ئامادەبوونی د. زیندین مەولوود، بریکاری وەزارەتی ئەوقاف و ئاریان سەڵاحەدین بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و بەشداریی ئەندامانی شاندی وەزارەتی ئەوقاف و وەزارەتی ڕۆشنبیری، کۆبوونەوەی ھاوبەش بەڕێوە چوو.

لە میانی کۆبوونەوەکەدا بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری بەخێرھاتنی شاندی وەزارەتی کرد و تیشکی خستە سەر کاری ھاوبەشی نێوان ھەردوو لا و جەختی لە ھەماھەنگیی نێوانیان و پرۆژەی ھاوبەش کردەوە، دواتر د. زیندین، بریکاری وەزارەت، بە شێوەیەکی گشتی ئەو پرۆژە ھاوبەشانەی لە ماوەی ڕابردوو بەیەکەوە کراون خستە ڕوو، کە خۆیان لە پەرەپێدانی گیانی تەبایی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی و چالاکیی ھەمەڕەنگ و بڵاوکردنەوەی بیری میانڕەوی و بەگرنگبینینی ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی دەبێننەوە. 

هەردوولا ھاوڕا بوون لەسەر کارکردنی پێکەوەیی و بەردەوام بۆ بڵاوکردنەوەی ھۆشیاریی کۆمەڵایەتی و کارکردن لەسەر نەھێشتنی دیاردەی ڕەتکردنەوەی یەکتری، لە بەرانبەردا برەودان بە ھێنانەکایەی گیانی خۆشەویستی و ڕێزگرتن لە بنەماکانی مرۆڤایەتی و مافی بەرانبەر.

ھەردوولا هاودید بوون لەسەر کاری پێکەوەیی و بۆ ئەمەش لە داھاتوودا پەیوەندییەکان و کاری ھاوبەش لە پێناو خزمەتی گشتی دەبەنە قوناغێکی نوێوە، بە شێوەیەک ھەموو ھەنگاوەکان لە خزمەتی گشتیدا دەبێت.

کارە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وەزارەت، پشت بە بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی کوردستان دەبەستێت، لەسەر ئەم بناغەیە بەرژەوەندیی ھەمەلایەنەی چالاکیی ھاوبەش ڕێک دەخەن.