Skip to the content

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی پێشوازیی لە کونسوڵی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ھەولێر کرد

ڕۆژی چوارشەممە، ٦ ى ئەیلوولی ٢٠٢٣، د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، پێشوازیی لە مارک سترۆ، کونسوڵی گشتیی تازەی ئەمەریکا لە ھەولێر کرد.

سەرەتا وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێز کونسوڵی تازە کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی لە ھەرێمی کوردستان دواتر گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندیەکانی نێوان کوردستان و ئەمەریکا کرا و ڕووناکی خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە بەگشتی و دۆخی ئایینی و سەقامگیریی ئاشتیی سیاسی و کۆمەڵایەتی، وێڕای خستنەڕووی مامەڵە و ڕەفتاری نایاسایی و نادەستوورییانەی عێراق، لەسەر بودجە و موچەی خەڵکی کوردستان وەک مافێکی یاسایی.

کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا ئامادەیی و پاڵپشتی و ھاوکاری بۆ ھەرێمی کوردستان پێشان دا، ئاماژەیان دا بە ڕۆڵی گرنگی کوردستان لە پێکەوەژیان و پاراستنی مافی ئایینەکان و زیانلێکەوتووانی ناوچەکە کە لە ھەرێمدا پێشوازی و نیشتەجێ کراون.