وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی پێشوازی لە شاندێکی باڵای ئەزھەر کرد
ڕۆژی سێشەممە ٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، پشتیوان صادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، پێشوازی لە شاندێکی باڵای ئەزهەر لە میسر کرد.
شاندەکە پێکھاتبوو لە د. عەباس شۆمان، ئەندامی زانایانی ئەزھەر و نوێنەری شێخی ئەزھەر، د. سەلام داودی، سەرۆکی زانکۆی ئەزهەر، وائیل بخید، سەرۆکی ڕێکخراوی ئەزھەر.
وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی بەخێرھاتنی میوانانی ئەزھەری بۆ کوردستان کرد و ھیوای سەرفرازی و گەشتێکی خۆشی بۆ خواستن، دواتر گفتوگۆ لەبارەی چەند بابەتێک کرا لەوانە؛ پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا و ڕەوشی خوێندن، بواری پەروەدەیی، ڕەخساندنی دەرفەتی خوێندنی باڵا و کردنەوەی بەشی ئافرەتانی خوێندنی ئەزھەر، لەگەڵ کردنەوەی بەشی زانستیی پەیمانگەکە لە شاری ھەولێر.
هەر لە دیدارەکەدا بڕیار درا بە پێشکەشکردنی پرۆژەیەکی ھاوبەش، بە ئامانجی بەرەوپێشتربردنی بواری خوێندنی ئایینی بە گشتی و برەودان بە خوێندنی ئەزھەر بە تایبەتی، لەگەڵ کردنەوەشی ھەموو خزمەتگوزارییەکانی ئەزھەر بۆ قوتابییانی کوردستان پێشکەش دەکرێن.
جێی سەرنجە بەپێی پلانێکی زانستی، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، دەرفەتی خوێندنی لە قۆناغەکانی دەستپێکی ئەزھەر تاکوو گەیشتن بە بڕوانامەی باڵا داڕشتووە و قوتابییانی کوردستان لە خوێندنی ئەزھەر تێیدا سوودمەند بوونە. بڕیاریشە پرۆژەکان لەسەر بنەمای زانستی لە بەرژەوەندیی قوتابییان فراوانتر بکرێن.