وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ڕێزلێنان دەبەخشێتە مامۆستایانی ئایینیی خانەنشینبوو

ڕۆژی سێشەممە ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، پشتیوان صادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، لە مەراسیمێکدا، ڕێزلێنانی بەخشییە ئەو مامۆستا ئایینییانەی کە لە ماوەی دووساڵی ڕابردوودا (٢٠٢٣ و ٢٠٢٤)، بەھۆی گەیشتن بەتەمەنی یاسایی، خانەنشین بوونە.
لە گوتەیەکدا وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی گوتی: ڕێزمان لە خزمەتی ڕابردووی مامۆستایان لە مزگەوت و گوتاری میانڕەوی و خزمەتکردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و گیانی نیشتمانی و پەرەپێدانی پێکەوەیی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی گرت، ھەروەھا پێگەیاندنی سەدان فەقێ و مامۆستا لەسەر دەستی ئەو ئازیزانە لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان.
وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی گوتیشی: وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بەوپەڕی ڕێز و پێزانینەوە لە ڕابردووی ئەو مامۆستایانە دەڕوانێت و ھەمیشە سوود لە ئەزموون و بەخششیان وەردەگرێت، وێڕای ھەبوونی چەندین پلانی دیکە بۆ بەردەوامی و بەپێی خواستی خۆیان لە خزمەتی مزگەوت و ھاووڵاتییان.