Skip to the content

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی چەند بڕیارێکى ده‌ركرد

پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتى هه‌رێمى كوردستان، بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر بردنی هاووڵاتیيانی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی سعوودیە، بە مەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، لە دەرەوەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، کە بووە هۆی مردن و بێسەروشوێنبوونی چەند هاووڵاتییەکمان. وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە فەرمانی وەزاری ژمارە (117) لە 2024/6/3، ليژنەیەکی پێکهێناوە، بە بەشداری نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و داواکاری گشتی، وەک یەکەم هەنگاویش ئه‌م بڕيارانه‌ى خواره‌وه‌ دران:-
1-ئەو کۆمپانیایانەی کە سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە و بە ڤیزای ساڵی و ڤیزای گەشتیاری و ڤیزا جۆراوجۆرەکان خەڵکیان بردووە بۆ وڵاتی سعوودیە، تاوەکوو لێکۆڵینەوەکان کۆتاییان دێت، سڕ دەکرێن و مافی بەشداریکردنیان نییە بۆ گەشتەکانی عومرە.
2- ئەو کۆمپانیایانەی کە هیچ کێشەیەکیان نییە و لە ڕێگه‌ی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بە شێوەیەکی یاسایی خەڵکیان بردووە بۆ حەج، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی حەج و عومرە ئاگه‌دار دەکرێنەوە، کە بەشدار دەبن لە گەشتەکانی عومرە، دوای دەرچوونی ڕێنماییەکان لە بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی حەج و عومرە.
3-هەر هاووڵاتییەک سکاڵای لەسەر هەر کەس و کۆمپانیایەک هەیە، کەوا مافی زەوت کردووە و بە نایاسایی مامەڵەی لەگەڵ کراوە و زەرەرمەند بووە، لە ڕێگەی ڤیزا جۆراوجۆرەکانەوە، تاوەکوو 10 ڕۆژی دیکە دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن .
4- شوێنی تۆمارکردنی سکاڵا، له‌ بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی دیوانی وەزارەت، بەڕێوەبەرایەتيی یاسایی و گرێبەستەکانه‌.