Skip to the content

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی بەشداری لوتکەی ئازادیی ئایینی لە تۆکیۆ دەکات

ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی تەممووزی ٢٠٢٤، د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بەشداری لە لوتکەی (جیھانی ئازادیی ئایینیی)، لە تۆکیۆی پایتەختی وڵاتی یابان کرد.
لە کۆنفرانسەکەدا، کە فەلاح حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان بەشدار بوو، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و شاندی یاوەری، تیشکیان خستە سەر بابەتی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە ھەرێمی کوردستان و ڕۆڵی مامۆستا و کەسایەتییە ئایینییەکان و حکومەتی ھەرێم و ھاووڵاتییانی کوردستان، بۆ قووڵکردنەوە و پاراستنی ئەم پێکەوەییەی لە کوردستان هەیە بۆ ئامادەبووان باس کرد.
هەر لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا، د. پشتیوان صادق، چەندین دیدار و چاوپێکەوتنی لەگەڵ بەرپرسان و کەسایەتییە سیاسی و ئایینییەکان و بەشداربووانی کونفرانسەکە و ڕێکخراوەکانی جیھانی ئەنجام دا.
جێگەی ئاماژەیە شانازییە بۆ ھەرێمەکەمان، کە ڕۆڵ و پێگەی ھەرێمی کوردستان، لە بابەتی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ئازادیی ئایینی لە ناوچەکەدا، لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرز دەنرخێندرێت و باسی لێوە دەکرێت.
یەکێک لە دیدارەکان لەگەڵ سەفیر (سام بڕاون باک) بوو، کە سەرۆکی لوتکەی جیھانیی ئازادیی ئایینییە و ناوبراو خۆی بە دۆستی کوردستان دەزانێت و ڕێزی خۆی لە ناوەندە جیاجیاکانی ئەمەریکادا ھەیە.