وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی و گوتارخوێنان کۆدەبێتەوە
![](/media/25940/fb_img_1711805013174-1.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133563011440000000)
ڕۆژی شەممە ٣٠ـی ئاداری ٢٠٢٤، د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، لەگەڵ ژمارەیەک مامۆستای ئایینیی شەقڵاوە کۆبووەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا، د. پشتیوان سادق، سوپاس و دەستخۆشی لە سەرجەم مامۆستایانی ئایینی و گوتارخوێنان کرد، بۆ خزمەتکردنی ڕۆژووەوانان لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، دواتر باسی لە دوایین پێشهاتەکانی ناوخۆ و ناوچەکە کرد و، ئاماژەی بەو ستەم و نادادییەی بەغدا کرد، کە بەرانبەر خەڵکی کوردستان و بە ڕێگەی جیاواز ئەنجامی دەدات، هەروەها گوتی"پێوستە بزانین کە ھەوڵی دوژمنکارانەی دەسەڵاتی عێراق سیاسەتی چەوساندنەوە و بڕینی ژیان و بژێوی خەڵکە، سەرەڕای جێبەجێکردنی ھەموو داواکارییەکان لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە."
وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەروەها گوتی"لە بەغدا دەیانەوێت بە ھەڵوێستە شۆڤینییەکانیان جیاکاری و جوداخوازی لە نێوان خەڵکی کوردستان دروست بکەن، مێژوو پێمان دەڵێت حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق دژی قەزییەی کوردستان بوون، بەڵام پشت بە خوای گەورە و ئیرادەی بەھێزی خەڵکە سەربەرزەکەی لە کۆتاییدا کوردستان سەردەکەوێت."