Skip to the content

پانێڵی پێکەوەژیانی ئایينی بە بەشداری وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی بەڕێوە دەچێت

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٣٠ـى ئادارى ٢٠٢٤، بە بەشداری د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سه‌ربه‌خۆى سۆران و سەرۆکی یەکێتيی زانایان و سەرۆکی سەنتەری ڕۆشنبیريی ئاشوری، بە ئامادەبوونی مامۆستایانی ئایينی و پێکھاتەکانی دەڤەرەکە، پانێڵی پێکەوەژیانی ئایينی بەڕێوە چوو.

لە بەشێکی پانێڵەکەدا د. پشتیوان سادق، باسى له‌ مێژووی دێرین و شارستانیيەتی پێکەوەژیانی ئایينی لە کوردستان بە گشتی كرد، و ڕۆڵی کریستیان و موسوڵمانان و ھەموو ئایينەکانی بە گرنگ و پڕپایەخ ناوزه‌د كرد، لە پەرەپێدانی گیانی پێکەوەیی و دەستگرتن و ھەبوونی پەیوەنديی بەھێزی کۆمەڵایەتی لەگەڵ یەکتری، وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی خەمخۆرانەی حکومەتی هه‌رێمى کوردستان لە دەرچوواندنی یاسای پاراستنی مافی پێکھاتەکان و بەشداريی کارا و ھەبوونی ڕۆڵی بەرپرسیاریيەتيی باڵا لەنێو کایەی حکومڕانی لە سێکتەرە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان.

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ئێمە ھەمیشە ڕۆڵی میانڕەوی و گیانی قبوڵکردنی یەکتريی مامۆستایانی ئایينی بە بەرزی دەبینین، لە پێشکەشکردنی گوتاری میانڕەويیان، ھەروەھا ڕۆڵی ھەموو ئایینەکان لەم بارەیەوە بە بەرزی دەنرخێنین."

د. پشتيوان سادق هه‌روه‌ها گوتى: "کوردستان وەک سیمبولی ئاشتی و پێکەوەیی و گیانی مرۆڤایەتی لە جیھان ناسراوە، پێچەوانەی سیاسەتی عێراق و بەناو دادگه‌کانیان، کە دژی بنەماکانی پێکەوەژیانن، لە دواترینیان زەوتکردنی مافی پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان بوو."