ئهمڕۆ كاروانێكى ديكهى حاجييان به ڕێگهى وشكانى دهگهنهوه ههرێمى كوردستان

دوای ئەو پێشهاتهى لە ناوچەکە هاتەکایەوە و بووە هۆی داخستنی ئاسمانی وڵاتانی ناوچهكه و کوردستان، عێراقیش یەکێک بوو لەو وڵاتانهى کە ئاسمانی پارێزراو نەبوو بۆ گەشتە ئاسمانییەکان، ئەمەیش لە سەروبەندی گەڕانەوەی حاجیيانی کوردستان و عێراق و دوای بەجێگەیاندنی فەریزەى حەج، گرفتی گەڕانەوە دروست بوو، کە بە ڕێگەی ئاسمانی، گەشتی وڵاتی سعودیيەیان کردبوو.
بۆ ئەم مەبەستە و هاوکاری و بەهاناوەچوونی هاووڵاتیيانمان و حاجیيانمان و گەڕانەوەیان بەسەلامەتی بۆ کوردستان، هەر زوو مەسرور بارزانی، سهرۆكى حكومهتى ههرێمى كوردستان هاتە سەرخەت و لە ڕێگەی وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و دەستگەی گشتيی حەج و عومرەی عێراق، بڕیاردرا، کە ڕێگەی ديكه بدۆزرێتەوە، ئەویش دابینکردنی پاس بۆ حاجیيان و گەڕانەوەیان بوو بە ڕێگەی وشکانی بۆ خاکی عێراق و کوردستان، لەپێناو پاراستنی گیانیان.
لەسەر ئەو بنەمایە ئەو حاجیيانەی کە بە ڕێگەی وشکانی گەشتی سعودیيەیان کردبوو ژمارەیان ههزار و ٦٤٦ كهس بوو، ڕۆژی شهممه ١٤ى حوزهيران، بەبێ گرفت گەڕانەوە خاکی کوردستان.
سەبارەت بەو حاجیيانەی کە لە ڕێگەی ئاسمانی گەشتی وڵاتى سعودیيەیان کردبوو، بەپێی خشتەیەکی ڕۆژانە لە ڕێگەی وشکانی دەگەڕێنەوە کوردستان و ئهمڕۆ يهكشهممه ١٥ی حوزهيران یەکەم کاروانی ئەو حاجیيانەیش کە ژمارەیان نزیکەی ١٧٠ كهسه، لە شاری مەدینە بەڕێکران و ههر ئەمڕۆ دەگەنەوە خاکی کوردستان، ئەم پرۆسەیەش بەردەوام دەبێت، تاکوو هەموو حاجیيان بەسەلامەتی دەگەڕێنەوە.
شايانى باسه حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە ڕێگەی ليژنە تایبەتەکانی ئەو پرۆسەیە، لەگەڵ حاجیيانمان دەبن و لە خزمەتیاندا دەبن.