سەرۆكى هه‌رێمى كوردستان و وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی پێشوازی لە شێخ مادح شێخ عوسمان نەقشبەندی دەکه‌ن

ڕۆژى چوارشه‌ممه ١٩ى ئادارى ٢٠٢٥، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، پێشوازىیان لە شێخ مادح شێخ عوسمان نەقشبەندیی بیارە، سەرپەرشتیاری مەدرەسە و خانەقاکانی شێخ عوسمان سیراجه‌ددینی بیارە لە کوردستان و تەواوی جیهان و شاندێكى ياوه‌رى كرد.
له ديدارێكدا نێچيرڤان بارزانى، خۆشحاڵيى خۆى به بڕيارى گه‌ڕانه‌وه‌يان بۆ كوردستان ده‌ربڕى و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواستن، هه‌روه‌ها جه‌ختیان له ڕۆڵى زانايانى ئايينى له بڵاوكردنه‌وه و بره‌ودان به كولتوورى ميانڕه‌وى و ناتوندوتيژى كردەوە و ئه‌مه‌یان به په‌يامێكى گرنگ و خزمه‌تێكى گه‌وره بۆ كۆمه‌ڵگه ناوزه‌د كرد، هه‌موو پشتگيرييه‌كى هه‌رێمى كوردستان و دامهزراوهكانيشیان بۆ گوتارى ميانڕه‌وى دووپات كرده‌وه.
لە دیدارەکەدا جه‌خت له گرنگيى بره‌ودان به به‌هاكانى پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبوڵكردن و لێبورده‌يى له‌نێو پێكهاته جياوازه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كرایەوە و ڕۆڵى مامۆستايانى ئايينی له پێشخستنى گوتارى ميانڕه‌وى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندڕه‌وى و توندوتيژیدا به پێويست و ئه‌رێنى هه‌ڵسه‌نگێندرا.