Skip to the content

بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی پەیمانگەی ئەزهەر و ئاهەنگی دەرچووانی پەیمانگەی پێشنوێژ و وتارخوێنان بەڕێوە چوو

ڕۆژی یەکشەممە، ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف وکاروباری ئایینی، مەراسیمی دانانی بەردی بناغەی پەیمانگەی ئەزهەر و دەرچووانی پەیمانگەی پێشنوێژ و وتارخوێنان بەڕێوە چوو.

لەمیانی وتەیەکەدا سەرۆكی حكومەتی کوردستان، پیرۆزبایی لەدەرچووان کرد و ڕۆڵی گرنگی مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی لە مێژووی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان لەبەرگری و پاراستنی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان و پرسە نیشتمانیەکان و گەشەپێدانی هزری میانڕەوی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایینی لە کوردستان بە گرنگ و بایەخەوە خستەڕوو. هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندیی مێژوویی لە نێوان کۆماری میسر و ئەزهەر و كوردستان كرد و ئەوەی خستە ڕوو كە، لە سەردەمی سەرکردەی کورد سەلاحەددینی ئەییوبییەوە ژمارەیەکی زۆری کورد ڕوویان لە میسر کردووە و لەوێ نیشتەجێ بوون و کەسایەتی بە ناوبانگ و زانا و شاعیر و نووسەر و پیاوی گەورە و ناسراویان لێ هەڵکەوتووە.

ھەر لەمەراسیمەکەدا د. پشتیوان سادق سوپاسی پاڵپشتیی سەرۆکی حکومەتی کرد بۆ پشتیوانیی بەردەوامی پڕۆژەکانی وەزارەت و ئاماژەی بەژمارەی کاری گرنگی وەزارەت کرد. ھەروەھا پیرۆزبایی لەدەرچووان کرد و دەستخۆشی لەمامۆستایان کرد؛ وێڕای سوپاسی بۆ خێرخوازان، کە بەھەنگاوەکانیان بەشدارن لەئاوەدانی و دروستکردنی شوێن و ناوەندی ئەکادیمی ئایینی.