بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەنیسەی "ئوم نووڕ" له شارۆچكهى عهنكاوه کرایەوە

ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، بەئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، کەنیسەی (ئوم ئەلنوور) لە قەزای عینکاوە كرایەوە.
لەوتەیەکدا بەبۆنەی کردنەوەی کەنیسەی ئوم نووڕ، سەرۆكی حكومەتی کوردستان پیرۆزبایی لە کریستیانەکان کرد و هیوای خواست، كەخوشك و برایانی مەسیحیی سوود لەوكەنیسەیە وەربگرن، كەلەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینيی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دروست كراوە.
ئەوەشی خستە ڕوو، كەحكومەتی كوردستان لە هەوڵەكانی بۆ كۆتاییی هێنان بەو بارودۆخە سەپێندراوەی دەشتی نەینەوا بەردەوام دەبێت، تاوەكو خوشك و برایانی كریستیان بتوانن بگەڕێنەوە نێو ماڵەكانی خۆیان.
حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لەسەرخستنی پەیامی ئاشتی و بەیەكەوەژیان و ڕێزگرتن لە هەموو ئایینەكان نەك تەنیا لە هەرێمی كوردستان، بەڵكو لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.