وەزیری دارایی وئابوری : زیادڕەوی سنوورەكان ڕێك دەخەینەوە
هەولێر، هەرێمی كوردستان، عیراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە١٤ ی تشرینی یەكەم (ئۆكتۆبەر)ی ٢٠٢٠ نەسڕوڵا ڕەشنودی كونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران و شاندێكی یاوەری سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد ولەگەڵ ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری دارایی و ئابوری وشاندی میوان دواین پێشهاتەكانی ناوچەكە و ئەنجامی ڕێكەوتنی نێوان (هەرێم-بەغدا) یان تاوتوێ كرد و پاشان تیشك خرایە سەر هەماهەنگی نێوان هەردوولا.
وەزیری دارایی ئابوری داوای لە كونسوڵی ئێران كرد وڵاتەكەی ببێتە لایەنێكی سەرەكی بۆ نەهێشتنی زیادەڕۆیی كاری نایاسایی لە سنوورەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران.
لای خۆشییەوە، وێرای پشتگیریكردن لە قسەكانی وەزیری دارایی و ئابوری كونسوڵی ئێران بەهەمان شێوە بەڵێنی دا كۆماری ئیسلامی ئێران هاوكاری تەواوی هەرێمی كوردستان بكات بۆ ئەوەی سنوورەكان بە شەفافی كاری خۆیان ڕایی بكەن.
ئاماژەشی بەوە كرد ئێستا لە سنورەكانی نێوان هەرێم و ئێران جمو جۆڵی بازرگانی گۆڕانكاری دڵخۆشكەری بەخۆیەوە بینووە. ئەوەش كاریگەری لەسەر جوڵەی بازرگانی نێوان هەردوو لا دهبێت.