وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازیی لە شاندێکی بازرگانی بەریتانیا کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی یەک شەممە 2021/8/22، ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیوانی وەزارەت چاوی کەوت بە شاندێکی بازرگانی و دارایی وڵاتی بەریتانیا.
لە کۆبوونەوەیەکدا وەزیری دارایی و ئابووری باسی لە گرنگی حکومەتی بەریتانیا کرد لە پەرەپێدانی کاری بازرگانی لە عێراق بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی.
لای خۆیانەوە شاندی میوان بە سەرۆکایەتی (تیم پاڵمەر)، لەگەڵ هاوەڵەکانی باسی لە گەشەپێدانی کەرتی ئابووری لە هەرێمی کوردستان کرد کە گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
وەزیری دارایی و ئابووری جەختی لەوە کردەوە ئەوان بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دەتوانن زیاتر کەرتی ئابووری و بازرگانی لەکوردستان ببوژێننەوە.
لەکۆتاییدا ئاوات جەناب نوری ڕایگەیاند هەمیشه دەرگایان بۆ وەبەرهێنەرانی دەرەوە ئاواڵایە تاوەکو زیاتر کوردستان بەرەوپێش بچێت.
شاندە بەریتانیەکە سوپاسی پێشوازی وەزیری داراییان کرد، لەبەرامبەر کار ئاسانیان بۆ ئەنجامدانی کاری بازرگانی لەناوچەکەدا، ڕاشیانگەیاند ئەوەی لەتوانایان دابێت بۆ پێشخستنی کەرتی بازرگانی لەکوردستان درێغی ناکەن.