یەكەمین كۆبوونەوەی داڕشتنی بودجەی 2021 لە وەزارەتی دارایی بەڕێوەچوو
هەولێر، هەرێمی کورستان، عێراق(GOV.KRD)- پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی ئامادەكردن و داڕشتنی پرۆژە یاسایی بودجەی 2021ی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی پلانی وەزارەتی دارایی و ئابوری بۆ ئەم مەبەستە زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ سەرجەم وەزارەتەكان ئەنجام دەدات.
دەستپێكی ئەم كۆبوونەوانە یەكەم وەزارەت لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەستی پێكرد.
سەرلەبەیانی ئەمرۆیەكشەممە 24/1/2021 لە دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابوری كۆبوونەوەیەك بە سەرپەرشتی ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری لەگەڵ وەزارەتی سامانەسروشتییەكان بەڕێوەچوو.
بودجەی هەرێمی كوردستان بودجەیەكی گشتگیردەبێت و سەرجەم وەزارەت و دەستەكان داهات و خەرجیی و قەرزە گشتیەكان و كورتهێنان، لە چوارچێوەی پرۆژە یاسای بودجە دەبێت. لەو چوارچێوەیەشدا بۆ یەكەمجارە لە هەرێمی كوردستان داهات و خەرجی و (شایستە دارایی كۆمپانیاكانی نەوت، خەرجی دەرهێنان و هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوت)ی وەزارەتی سامانەسروشتییەكان دەخرێتە ناو پرۆژە یاسایی بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021.