وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە کۆبۆوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی ٢٠٢١/٦/٨ ئاوات جەناب نوری پێشوازی لە هەریەک لە سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە و جەبار یاوەر مەندە ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە و چەند بەرپرسێکی باڵای دیکەی ئەو وەزارەتە کرد.
لەکۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بودجەی دیاری کراوی وەزارەتی پێشمەرگەیان کرد لەناو پڕۆژە یاسای پێشنیارکراوی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021.
هەردوولا لەسەر ئەوە کۆک بوون کەنابێت مافی پێشمەرگە بفەوتوێ و دەبێت وەزارەتی پێشمەرگە بودجەیەکی شایستەی بۆ دیاری بکرێت.
لەمیانی کۆبونەوەکەدا بەرێز ئاوات جەناب نووری جەختی لەوە کردەوە پێشمەرگە سەروەری ئەو وڵاتەیە دەبێت ڕێز لە هەموو مافەکانیان بگیرێت.
لەکۆتایدا بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە سوپاسی هەوڵەکانی وەزیری دارایی و وەزارەتەکەیان و هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ باشتر کردنی بژێوی پێشمەرگە، ئاماژەیان بەوەدا کە دڵنیابوونەتەوە کە خودی وەزیری دارایی و ئابووری خەمخۆری پێشمەرگەیە.