وەزیری دارایی و ئابوری پێشوازی لە بەرپرسێكی ئەمریكی كرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە 2021/3/8 وەزیری دارایی و ئابوری ئاوات جەناب نوری لە دیوانی وەزارەت پێشوازیکرد لە لیزا پۆدۆنڵی بەرپرسی یەكەی ئابوری كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا لە هەولێر.
لەو كۆبوونەوەکەدا باس لە ڕێكەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا كرا و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی دانوستانەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و باسی ئاستەنگەكانی بەردەم ڕێكەوتنەكە كرا.
وەزیری دارایی و ئابوری ئاوات جەناب نوری و ئاماژەشی بەوە كرد، ئاشتەوایی و ڕێكەوتنی هەرێم و بەغدا كاریگەرییەكی ئەرێنی لەسەر ئابوری عێراق بە تایبەتی و ناوچەكە بەگشتی دەبێت.
لای خۆشیەوە، لیزا پۆدۆنڵی جەختی لەوە كردەوە، ئەوان پاڵپشتی ڕێكەوتنەكەی نێوان هەرێم و بەغدا دەكەن، لە هەمانكاتدا هاوكاری تەواوی ئابوری وەزارەتی دارایی دەكەن و هەوڵدەدەن لە ڕێگەی چەند پرۆگرامێكەوە هاوكاری فەرمانبەرانی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن.
لە كۆتایدا، بە بۆنەی رۆژی 8ی مارسەوە، وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان، دیارییەكی پێشكەش بە خاتوو لیزا پۆدۆنڵی كرد.