وەزیرى دارایى و ئابوورى حکومەتى هەرێم سەردانى دەروازەى نێودەوڵەتى باشماخی کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە (7/2/2022) ئاوات جەناب نورى، وەزیرى دارایى و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە یاوەریی شاندێکى وەزارەت سەردانى قەزاى پێنجوێن و دەروازەى نێودەوڵەتى باشماخى کرد و لەلایەن قائیمقامى پێنجوێن و بەڕێوەبەرى دەروازەى نێودەوڵەتى باشماخ و بەڕێوەبەرى گومرگى باشماخ و پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە پێشوازى لێکرا.
ئامانجى سەردانەکەى وەزیرى دارایى و ئابوورى بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوونە لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى ڕێکارەکان و تاوتوێکردنى میکانیزمى زیادکردنى جوڵەى بازرگانى و زیادکردنى داهات لەو دەروازە سنووریە.
ئەوە لەکاتێکدایە زیاتر لە هەفتەیەکە ئاوات جەناب نورى، وەزیرى دارایى و ئابوورى لە سلێمانییە و لەگەڵ بەشێک لە بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتییەکانى وەزارەت و بانکەکان کۆبووەتەوە، بە ئامانجى باش ڕاییکردنى کاروبارى هاووڵاتییان و فەرمانگەکان و تاوتوێکردنى کێشە و ئاڵنگارییەکانى بەردەم دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان و چارەسەرکردنیان.