وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی گومرگ و دەروازە سنوورییەکان کۆبووەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی 2022/2/21، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری لە دیوانی وەزارەت لەگەڵ ساماڵ عبدالرحمن بەڕێوەبەری گشتی گومرگ و بەڕێوەبەرانی گومرگی دەروازە سنوورییەکان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەیەکدا ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی کاروباری گومرگ چەند پێشنیازێکی بۆ ئامادەبووان کرد و پاڵپشتی خۆی دەربڕی بۆ زیاتر باشترکردنی کارەکانیان، دووپاتی کردەوە ئەوەی لە توانای دابێت درێغی نەکات لە پێناو بەرزکردنەوەی کاری گومرگیی لە هەرێمی کوردستان.
لە درێژەی قسەکانیدا ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری ڕایگەیاند:" گومرگ پێکهێنەرێکی گرنگی ژێرخانی ئابوورییە، بۆیە هەمووان بە گرنگییەوە لە کارەکانیان بڕوانن".
لە کۆتاییدا لە لایەن ئامادەبووان چەندین ڕاسپاردە و پێشنیاز خرانەڕوو ، وەزیری دارایی و ئابووری بەڵێنیدا لە پاش بە دواداچوون و لێكۆڵینهوە هەوڵی جێبەجێکردنیان دەدات.