سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووری كرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٣ ی حوزهیرانی ٢٠٢٢، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووری کرد و لە لایەن ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت، پێشوازی لێکرا.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی هەریەکە لە وەزیر و بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە وەزارەتی دارایی و ئابووری کرد.
لەسەرەتای کۆبوونەوەکە ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری بەخێرهاتنی سەرۆکی حکومەت و شاندەکەی کرد، پاشان لە ڕێگەی سیمینارێکەوە سەرجەم کارو چالاکیەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو لە کابینەی نۆیهمی حکومەتی هەرێمی کوردستان خرایەڕوو.
پاشان لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئەوە دووپات کرایەوە کە بەهەموو شێوەیەک پاڵپشتی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەکەین، بۆ ئەوەی خەڵکی مووچە خۆری کوردستان و هەموو چینەکانی کوردستان سوودمەندبن لە خزمەتگوزاری و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی چاکسازی لە هەرێمی کوردستاندا.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە بارەی سەردانەكهی سهرۆكی حكومهت بۆ وهزارهتی دارایی و ئابووری ڕایگهیاندووه :
فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە بارەی سەردانەكهی سهرۆكی حكومهت بۆ وهزارهتی دارایی و ئابووری ڕایگهیاندووه :
سەرۆکی حکومەت لە وتەیەکدا، باسی لەوە کرد کە هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، بڕیارماندا چاکسازی بکەین و دەستیشمان پێکرد، بەڵام بەداخەوە بەهۆی تەشەنەکردنی کۆرۆنا و سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی، لە سەرەتادا چاکسازییەکە بە شێوەیەکی خێرا نەبوو، بەڵام سەرەڕای قەیرانەکانیش ، ئێمە نەوەستاین و بەردەوامبووین لە چاکسازی و بە هۆی ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆ و کەمکردنەوەی خەرجی، توانیمان سەربکەوین و ئیدارەی خۆمان بدەین، بە بێ ئەوەی پەنا بۆ قەرزرکردن ببەین بۆ ئەوەی هیچ بەرپرسیاریێتی و بارگرانییەک بۆ نەوەکانی داهاتوو دروست نەکەین.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستییەکانی حکومەت کرد کە لە دووسەد ملیۆن دۆلارەوە بووەتە حەفتا ملیۆن دۆلار، کەمکردنەوەی ئەو ١٣٠ملیۆن دۆلارەی خەرجی و گەڕاندنەوەی بۆ گەنجینەی گشتیش، نەبووەتە هۆی ئەوەی ڕاییکردنی کاروبارەکانی حکومەت پەکی بکەوێت.
سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە، کە داهاتیش لەم ماوەیە بە شێوەیەکی ڕێژەیی باشتربووە، بەڵام دەکرێ زۆر زیاتریش بێت لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەت بۆ هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و زیادکردنی داهاتی نانەوتی، کە زۆر ڕێگە هەن بۆ زیادکردنی داهات، بەبێ ئەوەی هیچ بارگرانییەک لە سەر هاووڵاتییان دروست بکات.
سەرۆکی حکومەت ڕوونیکردەوە کە کابینەی نۆیەم، هیچ باجێکی نوێی نەسەپاندووە بەڵکو تەنیا یاساکانی باجی جێبەجێ کردووە کە پێشتر جێبەجێ نەکراون. جەختیشی لەوە کردەوە کە جێبەجێکردنی یاساکانی باج، لە قازانجی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە، چونکە دەبێتە هۆی زیادبوونی داهات و دواجار لە خزمەتی هاووڵاتییان خەرج دەکرێت، بۆ نموونە مووچەی پێ دەدرێت و جووڵەی بازرگانی گەشە دەکات و هەل و دەرفەتی کار زیاتر دەبێت .
لە تەوەرێکی دیکەدا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە گرنگیی کاراکردن و چاکسازیکردن لە سیستمی بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و خەرجی و داهاتەکانی حکومەت کرد کە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ڕوونی و شەفافیەت و کەمکردنەوەی ڕۆتین و ڕێگریکردن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی.