وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزارەت كۆبووەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی یەکشەممە ڕێكەوتی ۲٦ی حوزەیرانی ۲۰۲۲ ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری لە دیوانی وەزارەت لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزارەت كۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، سەرجەم بەشداربووانی كۆبوونەوەكە پێنشیاز و پلانەكانی خۆیان خستە بەردەم وەزیری دارایی و ئابووری و تاوتوێی پێشنیازەكان كرا.
لای خۆشیەوە، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری، جەختی لەوە كردەوە، ڕێكاری بەرنامەكانی ئەنجوومەنی وەزارەت لەسەر دوو بنەما دەبێت، ئەویش پلانی كورت مەودا و پلانی ستراتیژی دوور مەودایە، هەروەها ئاماژەی بەوە دا كە بۆ مەبەستی زیادكردنی داهات پێویستیمان بە هەنگاوی كردارەكی هەیە و كاری مەیدانی و هەماهەنگی لایەنەكانی دیكە دەبێت لە پێشینەی كارەكانمان بێت.
ئەم كۆبوونەوە لە كاتێكدایە، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێكەوتی ۲۳ی حوزەیرانی ۲۰۲۲، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووریان كرد و لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بە" کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستییەکانی حکومەت کرد کە لە ۲۰۰ ملیۆن دۆلارەوە بووەتە ۷۰ ملیۆن دۆلار، کەمکردنەوەی ئەو ۱۳۰ ملیۆن دۆلارەی خەرجی و گەڕاندنەوەی بۆ گەنجینەی گشتیش، نەبووەتە هۆی ئەوەی ڕاییکردنی کاروبارەکانی حکومەت پەکی بکەوێت. "
سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە، "کە داهاتیش لەم ماوەیە بەشێوەیەکی ڕێژەیی باشتربووە، بەڵام دەکرێ زۆر زیاتریش بێت لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەت بۆ هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و زیادکردنی داهاتی نانەوتی، کە زۆر ڕێگە هەن بۆ زیادکردنی داهات، بەبێ ئەوەی هیچ بارگرانییەک لە سەر هاووڵاتییان دروست بکات."