وەزیری دارایی و ئابووری : لە داهاتوویەکی نزیکدا لە ڕێگەی کارتەوە مووچە دابەش دەکەین
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە ۳۱ ی ئایاری ۲۰۲۲، ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە (دو تاينتواتچ) بەرپرسی بەشی سیاسی-ئابووری و (سێث پاچ) سەرۆکی یەکەی ئابووری لە كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان کرد.
شاندی میوان دوا پێشهات و گۆڕانکارییەکانی دۆخی سیاسی و ئابووری هەرێمیان تاوتوێ کرد.
وەزیری دارایی و ئابووری باسی لەوە کرد کە لە سەرەتای ساڵی ۲۰۱۳ ەوە حکومەتی ناوەندی عێراق گەمارۆیەکی ئابووری بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپاندووە بەڵام دڵخۆشین بەوەی لە هەرێمی کوردستان ئیرادەیەک هەیە بۆ بەرەو پێشچوونی چاکسازی سەرتاسەری و سەرەڕای ئاستەنگەکان هەوڵی تەواومان داوە بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین و بە ئەلیکترۆنیکردنی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی سەر بە وەزارەت، هاوکات ئاوات جەناب نووری ئەوەشی دووپات کردەوە لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی تەکنەلۆجیای بانکەکان بڕیارە لە کەمترین ماوەدا بەشێوەی کارت مووچە دابەش بکەین.
لە کۆتاییدا شاندی میوان پشتگیری خۆیان بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری دەربڕی و ئاماژەیان بەوەدا کە پاڵپشتیی هەموو سێکتەرەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەکەن.