وەزیری دارایی بەدواداچوون بۆ کێشە تەندرووستی و بازرگانییەکانی سلێمانی دەکات
![](/media/16285/313439615_484503133703353_7351008370584372339_n.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133119196580000000)
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێم، لە ئۆفیسی تایبەتی خۆی لە شاری سلێمانی، لەگەڵ ھەریەک لە بەڕێوەبەری گشتیی بانکی ھەرێم/ سلێمانی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندرووستی و بەڕێوەبەری گەنجینەی یەکی سلێمانی و سەرپەرشتیاری کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان و سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئەو پارێزگایە کۆبووەوە.
کۆبوونەوەکەی وەزیری دارایی لەگەڵ بەرپرسی یەکەی تەندرووستی تایبەت بوو بەو گرفت و ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی ئەو سێکتەرە بووەتەوە و ئامادەیی خۆشی دەربڕی بۆ ھاوکاری و ھەماھەنگیی پێویست لەپێناو چارەسەرکردنی گرفتەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە نەخۆشخانە و ناوەندە تەندرووستییەکانی سنووری پارێزگاکە، بە ئاڕاستەی خزمەتکردنی ھاووڵاتیان.
ھاوکات بەشێکی تر لە کۆبوونەوەکە کە بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی بانکی ھەرێم/ سلێمانی و سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی و ژمارەیەک بازرگان بەڕێوەچوو، وەزیری دارایی و ئابووری جەختی لەوە کردەوە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکان، ھەماھەنگ و ھۆکار دەبن بۆ ڕەخساندنی پانتایی زیاتری بازرگانی و نەھێشتنی ڕۆتین، بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی ئەو کێشە و لەمپەرانەی بوونەتە ئاستەنگ و بار بە سەرشانی ھاووڵاتیان بەگشتی و بازرگانان و خاوەن پیشەکانی ناو بازاڕەکان.